هەڵوێستە بەرنامەڕێژکراوەکان: گروپی جەنگی چینایەتی

AGAINST CAPITALISM

دژی کاپیتالیزم

تەنها ئامانجی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی، وەدیهێنانی قازانج و زیادکردنی سەرمایەیە. پێداویستیە مرۆییەکان، بە تەواوی لاوەکین، وە تەنها ئەوکاتانە “دابین دەکرێن” کە خزمەت بە فراوانبوونی سەرمایە دەکەن. هەر بەم جۆرە، ڕژێمە “سۆشیالیستیەکان” یش، بە یەکێتی سۆڤیەت و ووڵاتە پاشکۆکانیەوە، هەر سەرمایەداری بوون، وە هەتا ئەم ساتە وەختەیش، ئەوە هەر سەرمایەداریە لە کۆریای باکوورو چین و کوبادا دەگوزەرێت. لە هەر کوێیەک کاری کرێگرتە هەبوو لەو شوێنە، بە شێوەیەکی حەتمی، سەرمایە بوونی هەیە، وە ناکرێت گوایە هەر لەبەر پۆشینی بەرگێکی ئایدیۆلۆژیی “مارکسیستی”، ئیتر بە حیزبێکی سیاسی و بە دەوڵەتێکەوە، برجوازیەت و هەوڵەکانی ڕێکبخرێنەوە (ئیتر ئەمە بەبێ بوونی هیچ هەلێکی سەرکەوتنیش) بۆ تێکدانی یاساکانی سەرمایەداری و بازاڕو ڕکابەری و بەها.

 

AGAINST DEMOCRACY, STATE AND BOURGEOIS POLITICS

دژی دیموکراسیەت و دەوڵەت و سیاسەتەکانی برجوازیەت

دیموکراسیەت جەوهەرە تایبەتیەکەی کۆمەڵگای سەرمایەداریە نەک هەر شێوەیەک لە شێوە سیاسیەکانی. ئەو هاوڵاتیانەی کراونەتە گەردیلەی بچووک و بەهۆی سیاسەتە نیشتمانیەکانەوە، یەکێتیەکی دروستکراویان لە بوارە لێکدابڕاوەکاندا بۆ پێکهێنراوە، ئەوانە خەسڵەتی هاوبەشی پەرلەمانتاریستەکان و ستالینیستەکان و فاشیستەکان و نموونەی دەوڵەتە ئیسلامیەکانیشن. ئەوانە ڕێکخراوی برجوازیەتن وەک چینێک، وە لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای چینایەتیەوە گەشە دەکەن. هەر لەبەر ئەوەیە خەباتی شۆڕشگێرانەی پرۆلێتاریا دژی دیموکراسیەتە، دژی دەوڵەتە، وە هیچ هاوبەشێکی لەگەڵ سیاسەتە برجوازیەکان و حیزبە سیاسیەکاندا نیە (ئیتر باڵی چەپ بن یان باڵی ڕاست)، پەرلەمانی بن یان لە دەرەوەی پەرلەمان، یاسایی بن یان قەدەغەکراو، بە هەڵبژاردن هاتبێتن یان بە کۆدەتای سیاسی.

 

AGAINST TRADE UNIONS AND LEFTISM

دژی سەندیکاکان و چەپگەراکان

سەندیکای چینایەتی (لە دژی ئەو سەندیکایانەی ڕاستەخۆ لە برجوازیەتەوە دامەزرێنراون)، لەمێژە ڕێکخراوی کرێکاران نین. ئەوانە بوونەتە بەشێک لە دەوڵەتی سەرمایەداریی، بەڵکو ڕێکخراون بۆ فرۆشتنێکی ڕێکوپێکی هێزی کارو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی. ئا ئەوانە دەبێت تێکبشکێنرێن نەک ڕێفۆرم بکرێن. خاڵی لاوازو شکستەکانی چینەکەمان، هۆکار بووەو هۆکاریشە بۆ سەرهەڵدانی گەلێ تەوژمی چەپگەر کە ڕۆڵی مێژوویی دیموکراسیەتی کۆمەڵایەتی دەبینن. وە لە سەردەمی شۆڕشەکاندا، ئەمانە هەمیشە دواین پەناگاو قەڵای سەرمایە بوون و هەوڵی ڕووخاندنی سەرمایەدارییان نەداوە، بەڵکو هەوڵی ڕێفۆرمێکی ڕادیکاڵانەی سەرمایەدارییان داوە. بۆیە خەباتی پرۆلێتێرە کۆمۆنیستەکان دژی هەموو چەپەکانە: دژە بە ستالینیزم، ترۆتسکیزم، ماویزم، ژمارەیەک لە ئەنارکیستەکان، ئەنتی-گلۆباڵیستەکان، “جیهانی سێهەم”، بزووتنەوەی ئەنتی-ئیمپریالیست، هتد.

 

AGAINST UNITED FRONTS

دژی بەرەی یەکگرتوو

ئێمە دژی هەموو بەرەیەکی یەکگرتووین لەگەڵ دەستە سیاسیە “پێشکەوتووخوازەکان”ی برجوازیەتداو هەموو ئایدیۆلۆژیاکانی دژە-شۆڕشدا کە لەو بەرە یەکگرتووانەوە سەرهەڵدەدەن: دژە-فاشیزم، یان بۆ نموونە ڕزگاریی نیشتمانی. هەموو ئەمانە بەرگری لە فۆرمێکی دکتاتۆریەتی سەرمایەداریی دەکەن دژی فۆرمێکی تریان، وەک “خراپ” دژی “خراپترین”، ئەمەیش بۆ پارێزگاری کردنی دکتاتۆریەتی سەرمایەداریی وەک یەکەیەکی جیهانی. ئەم بەرە یەکگرتووانە ئاراستەیەکن لە پێناوی خەباتدا بۆ سەرمایەداریی بە “ڕووخسارێکی ئینسانیانەوە”، بەڵام ئەمانە هەمیشە پرۆلێتاریای شۆڕشگێریان لەتوپەت کردووەو تووشی شکستیان کردووە. تەنها هێرشی ڕاستەوخۆی چینایەتیە، دەتوانێت ئەو ڕکابەریەی نێوان پرۆلێتێرەکان بشکێنێت کە ڕاسیستەکان، فاشیستەکان وە ناسیۆنالیستەکان پاڵپشتێکن بۆی. تەنها شۆڕشی کۆمۆنیستی، ئاڵترناتیڤی هەموو ئەو فۆرمە کاپیتالیستیانەن.

 

AGAINST OPPRESSION, NATIONALISM AND WAR

دژی چەوساندنەوەو ناسیۆنالیزم و جەنگ

جۆرەکانی چەوساندنەوە هەموویان، لە سەرمایەداریی کۆنترن – بۆ نموونە وەک چەوساندنەوە لەسەر بنەمای جێندەرو سێکس، لەسەر بنەمای ڕەگەزو ئەسڵی ئاینی – ئەمانە لەناونەچوون، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە چەوساندنەوەی سەرمایەداریی و دابەشبوونی کار. وە هیچ چەوساندنەوەیەک لە دەرەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی سەرمایەدارییدا بوونی نیە، وە تەنها پێکەوە، لە پرۆسیسی شۆڕشی کۆمۆنیستیدا، توانای لەناوبردنیان هەیە. ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی پێناسەیەکی ساختە دەدەنە کارگەر، ژن، هاوڵاتی، غەریبە، “خاوەن ئیمتیاز”، “جیاواز” لە ئێمە، پرۆلێتێرەکان، ئا ئەمانە دواجار وامان لێدەکەن، خۆمان تەنها لە سیستمی سەرمایەدارییدا بناسینەوە. تاکە پرۆسێسێکیش بۆ نەفی کردنی هەموو پێناسەکانی هاوڵاتیە ملکەچەکان، دینامیکیەتی خەباتی پرۆلێتاریایە. بۆیە پرۆلێتاریا دژیانە بە هەمان شێوەی دژایەتی نیشتمان و ووڵات ناسیۆنالیزم. دژی ئاشتی کۆمەلایەتیە لە دەوڵەتی نیشتمانی و نەتەوەییدا، دژی جەنگە لە نێوان ووڵاتاندا ………….

 

FOR PROLETARIAN ASSOCIATIONISM

لە پێناوی یەکێتی پرۆلێتاریادا

ئەمڕۆ، خەباتی واقیعی پرۆلێتاریا، سەرباری سنوورداریەکەی، هەڵگری تۆوێکی کۆمۆنیستانەیە لەخۆیدا، تۆوی ئەو بزووتنەوەیەی ئەم حاڵەتەی ئێستای شڵەژاندووە. لەبەر ئەوە، ئێمە لە ئەمڕۆدا هاوپشتی خەباتی چینایەتی و پێکهاتنی ئەو ناوکە پرۆلێتاری و ئەڵقەو تۆڕانەین کە لەسەر بناغەیەکی ڕووخێنەرانە وەستاون – ئەوانەی خەبات دەکەن و یەکێتیەک پێکدەهێنن لە دەرەوەو دژی سەندیکا، دژی حیزبە سیاسیەکان و هەر پێکهاتەیەکی تری دەوڵەتی برجوازی. بە دەستنیشانکراوی، لە خەباتێکی لەم چەشنەوە، بزووتنەوەی فراوانی پرۆلێتاریا سەرهەڵدەدات و دەکەوێتە گەشتی ساغکردنەوەی پرۆلێتاریا – چینە چەوساوەکەی ئەم کۆمەڵگایە – دەربارەی بابەتە ئایندەکانی ئەم شتانەی ئێستا.

 

FOR COMMUNIST REVOLUTION

لە پێناوی شۆڕشی کۆمۆنیستیدا

تەنها لە پرۆسێسی دینامیکیەتی شۆڕشگێرانەی پرۆلێتاریادا، گوڕانکاری لە پارسەنگی هێزدا ڕوودەدات لە نێوان پرۆلێتاریاو برجوازیەتدا. وە تەنها ئەمەیە بوارێک دەکاتەوە لەبەردەم بازدانێکی نەوعیدا لە هۆشیاریی چینایەتیداو ڕێ خۆش دەکات بۆ ڕووخاندنێکی توندوتیژی چینی سەروەرو چارەسەرێکی بنەبڕی ناکۆکیە چینایەتیەکان، ئەمە ئەگەر هاتوو بزووتنەوەی پرۆلێتاریا بە خێرایی، پراکتیکیانەو هۆشیارانە، دەست بە گەشتەکەی بکات بەرەو کۆمەڵگای واقیعیانەی مرۆڤ لە ڕێگای شۆڕشەوە. شۆڕش نامرێت، وە لەسەریەتی بنەڕەتیانە، دژایەتی ئەو دژە-شۆڕشە بکات کە بەردەوام لاوازیەکانی ڕیزەکانی نێو خۆمان، بەکاردەهێنێتەوە دژی خۆمان.

 

FOR PROLETARIAN DICTATORSHIP

لە پێناوی دکتاتۆریەتی پرۆلێتاریادا

تا دێت زیاترو زیاتر، پرۆلێتێرەکان، میکانیزمی پرۆسێسی جەنگاوەرانەی پرۆلێتاریای شۆڕشگێر، یاخی بوونی توندوتیژو شۆڕشی چینایەتی، هەڵبژاردەیەکی هۆشمەندانە دەسەپێنێت لە نێوان کۆمۆنیزم و بەربەریزمی سەرمایەداریدا: چەوساندنەوە، قەیرانەکان، جەنگەکان، کەتەسترۆفەکانی ژینگە. هەتا ئەم هەڵبژاردەیە ڕۆشنتر ببێتەوە، پرۆلێتاریا زیاتر دەتوانێت دکتاتۆریەتە کۆمەڵایەتیەکەی وەدی بهێنێت لە شۆڕشدا دژی کاری کرێگرتە، دژی بەها، ئاڵوگۆڕ، پارە، دەوڵەت. ئەمەیش یانی پێویستی دکتاتۆریەتێکی جیهانی دژی سەرمایەو تێرۆری شۆڕشگێری دژی هێزەکانی برجوازیەت.

دکتاتۆریەتی پرۆلێتاریا یانی لەناوبردنی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانی ئێستا: لەناوبردنی کاری کرێگرتە، لەناوبردنی پیشەو بەرهەمە بێکەڵکەکان، وە سەرکەوتن بەسەر پەیوەندیەکانی ئاڵوگۆڕدا لە هەموو بوارەکانی ژیانماندا، لەناوبردنی ئابووری و بەرهەمهێنان لە پێناوی قازانجداو ملکەچ پێکردنی هەموو هێزە بەرهەمهێنەرەکان بۆ پێداویستیە مرۆییەکان و پێویستی شۆڕشی جیهانی، نەمانی جیاوازیی نێوان کارو کاتی حەوانەوە، نێوان شارو لادێ و هەموو جیاوازیەکانی تریش، وە ڕووخاندنی دەوڵەت و گۆڕینی بە ئۆرگانە شۆڕشگێریەکانی خۆڕێکخستنی پرۆلێتاریا، هەرچی کە دەبێتە مایەی سەرخستنی شۆڕش لە کۆمەڵگا گلۆباڵیەکەی مرۆڤایەتیدا. لەڕێگای ئەم پرۆسێسە مێژووییە شۆڕشگێریەوە پرۆلێتاریا (وەک دواین چین) خۆی لەناودەبات و بە لەناوبردنی خۆیشی، هەموو کۆمەڵگای چینایەتی لەناودەبات و کۆمەڵگایەکی ئینسانی گەشە پێدەدات.

سەرچاوە : source

http://www.myinternetpages.com/internationalists.html

Comments are closed.