دژی کەتەسترۆفەکانی سەرمایەداریی

| Español | Čeština | English | Français | کوردی | PDF |

لە هەموو شوێنێک، بەردەوام کەتەسترۆفەکانی کاپیتالیزم، چڕتر دەبنەوە، ئەمەیش گەیشتۆتە ئاستێکی ئەوەندە بەرز کە تادێت ناکۆکتر دەبێت لەگەڵ ژیاندا لەسەر گۆی زەی. جەنگ بەقووڵایی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، برسێتیەکی فراوان، چڕتر بوونەوەی چەوساندنەوە، زنجیرەیەکی بەردەوام لە حاڵەتی خۆکوشتن، بە شت کردنی هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، زەبروزەنگ لەنێوان پرۆلێتاریاداو دژی پرۆلێتاریا (زەبروزەنگی سێکسی، زەبروزەنگی ڕەگەزپەرستی، زەبروزەنگ دژی مناڵ و پیر …)، پڕبوونی زیندانەکان، کاولکردنی زەوی، خۆراکێکی تا بڵێی ژەهراوی، وێرانکردنی تەندروستی، هتد. هەرگیز دوژمنایەتی نێوان سەرمایەداری و ژیان ئەوەندەی ئێستا زیانبەش نەبووە. وە هەرگیز پێویستیی بە دەستوبردی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و مەیلی قبوڵ کردنی، وەک ئێستا کەم نەبووە.

………………..
چەندان دەیە لە دژە-شۆڕش و لە ئاشتی کۆمەلایەتی، پرۆلێتاریایان پارچە پارچە کرد، ئەمەیش بووە هۆی زیاتر کردنی پرۆسێس و میکانیزمی بەرهەمهێنانەوەی کاپیتالیزم؛ بەجۆرێک کە پەردەیەکی دابوو بەسەر بوونی چینە کۆمەڵایەتیەکاندا (لە سەروویانەوە پرۆلێتاریا)، ئەمەیش شوێنەواری ئەو یەکێتیەی ڕاماڵی بوو کە ئەو چینە کۆمەڵایەتیە، گەشەیەکی مێژوویی پێدابوو. خودی ئا ئەم کاپیتالیزمە خۆی، هەر لەسەر ئەو واقیعەی خۆمانی تێدا دەژین، لە زنجیرەیەک ئایدیۆلۆژیادا بەرجەستە بووە کە گرفتەکان جیا دەکەنەوە لە یەکتر و چارەسەری دیاریکراویش بۆ هەریەکێکیان بەجیا دادەنێن، ئەو گرفتانەی کە هەر هەمان سیستم دروستیان دەکات. دەرئەنجام، بزووتنەوەی جیاواز جیاواز لەم کێشانە نزیک دەبنەوەو هەوڵی چارەسەریان بۆ دادەنێن. ئەمە لەکاتێکا هیچ چارەسەرێکی جیاواز نیە بۆ هەر گرفتێک بەجیا، زیاتر لەوەیش، ئەم پارچە کردنە، لە هەمانکاتدا، ناوەڕۆکی واقیعی گرفتەکان دەگۆڕێت. وە هەر بەو چەشنە، ئایدیۆلۆژیا دروست دەبێت بۆ چەوساندنەوەی ژن لە لایەن پیاوەوە، بۆ چەوساندنەوەی ڕەگەزەکانی تر لە ڕەگەزی سپیەوە، بۆ وێرانکردنی سروشت لە لەلایەن مرۆڤەوە، وە ئیتر ئەمانە واقیع دەخەنە ژێر ئەو پێوەرە ئایدیۆلۆژیانەوە. لە تێکۆشانیشدا بە شێوازی جیاوازی ئەم دەستانە، بزووتنەوە جیاوازەکان، لەسەر ئاستی هەر گروپێکی دیاریکراو، دەکەونە ڕکابەریی لە نێوان خۆیاندا لە پێناوی ئەوەدا کە دەوڵەت باشتر دان بە مافەکانی ئەواندا بنێت.

ئا بەم جۆرە، لەسەر ئاستی سیاسی، ڕکابەریی نێوان کاڵاکان، لە ڕکابەریی پێناسەی جیاواز جیاوازدا خۆی دەردەبڕێت، ئەمانەیش هەموویان، لە بەرژەوەندیی بەبایەخترین سیاسەتی “پێشنیار کراو”و بەرژەوەندیی ئیدارە حکومیەکەیدایە. وە ئیتر هەر بەو چەشنە، ڕەخنەی تاکتاکی سەرمایە، دەچێتە جێگای ڕەخنەیەک کە لە جەوهەردا ڕەخنەی هەموو لایەنەکانی سەرمایەیە، ئەمەیش نەک وەک تایبەتمەندیەک، بەڵکو وەک دەربڕینێکی گشتی کە هەموو لایەنەکان دەگرێتەوەو ئەو سیستمە کۆمەلایەتیە دەخاتە ژێر پرسیار کە بەرهەمهێنی هەموو ئەو گرفتانەیە.

گەشەی ئەم کۆمەڵگایە، پەیوەندیەکی پتەوی بە گەشەی تاکە دابڕاوەکانەوەیە. کۆمەڵگای بازرگانی گشتی، هەموو ئەو کۆمەڵگانە دووردەخاتەوەو لەناویان دەبات کە کۆمەڵگەی پارە نین، وە هەموو شتێک برەو پێدەدات کە لێکدابڕانی کۆمەلایەتی زیاد دەکات. هەرچی شتێک یەکبگرێتەوە، لە لێکدابڕاندا یەکدەگرێتەوە. ئەمەیە جەوهەری ئەم جیهانەو شێوازی ژیانی، ئەمەیە دیموکراسیەت.

ئەو کاریگەریەی ئەم واقیعە لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی جێدێڵێت، سروشتە کۆمەلایەتیەکەی دەکوژێت، وە دەیکاتە گەردیلەی تاکتاکی لێکدابڕاو لە بەرژەوەندی دژ بە یەکدا، ئەمەیش بەردەوام لە زیاد بووندایە. هاوڵاتی ئەمڕۆ، ڕۆشنترین نموونەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن گەشەی بازرگانی و تاکی لێکدابڕاو لە یەکتر، لە فۆرمێکی هاوشاندا گەشە دەکەن. ئەم پێشکەوتنە، نەک هەر دڕندانە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەنێو دەبات، بەڵکو ڕێگریی گەورەیش لەبەردەم خەباتدا دادەنێت دژی سەرمایەداریی، کاتێک ئەو تاکە دابڕاوە، دەیەوێت بە ئاراستەیەکی ناکۆک بەو پێشکەوتنەی ڕێکخستنی کۆمەڵگا بڕوات کە دژی سەرمایەیە، ئەو یەکێتی خەباتەی لە بوونەوەرێکی کۆلێکتیڤەوە دێت، لە چینێکی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێرەوە، پرۆلێتاریا.

ئا لەم حاڵەدا، پرۆلێتاریا، ڕووبەڕووی زەحمەتێکی زۆر دەبێتەوە لە کارەکانی و لە داننان بەخۆیشیدا وەک چینێک. بوونی ئەو، هەروەک پرۆسێسە مێژووییە دەوڵەمەندەکەی لە خەباتداو پرۆگرامەکەی، نێگەتیڤ دەنوێنێت لە مێژوودا، ئیتر ئەمە بە شێواندنی بێت یان بە شاردنەوەی ئەم واقیعە مێژووییە. دینامیکیەتی سەرمایە خۆی و هێزە ئایدیۆلۆژیەکەی، ئەو چالاکیە کۆمەڵایەتیەن کە نەفی بوونی چینەکەمان دەکات بەو مانایەی نزم دەکرێتەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و نوێ کردنەوەی سەرمایە، بۆ ئەو ئاستەی وادادەنرێت هەتاهەتاییە، بابەتێکی بچووکی سەرمایەیە؛ بازرگانیەکی سادەی هێزی کارەو دەتوانرێت بەپێی پێویستی بەرهەمهێنان سوودی لێوەربگیرێت یان فڕی بدرێتە لاوە؛ وە ئیتر ئەو خۆی هەر تەنها بە ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکاندا هەڵدەڕوانێت.

ئا ئەم واقیعە، بە تەواوی وای لە پرۆلێتاریا خۆی کردووە کە خۆیان بەهیچ نەزانن پرۆلێتێر نەبێت. وە ئیتر یەکێک وادەزانێت ئەوان پرۆلێتێریش نین، بەڵکو کۆمەڵێکن لە کاردا دامەزراون، یەکێکی تر وادەزانێت پرۆلێتاریاش نین، بەڵکو کۆمەڵە بێکارێکن، ئەوانی تریش خۆیان بە جووتیار دەزانن بەرامبەر بە کرێکاران، یەکێکی تر وا لە خۆی دەڕوانێت بازرگانێکە، ئەمە تەنها لەبەر ئەوەی عارەبانەیەکی دەسگێڕی پێیە، گەلێکی تریش وا دەبینن زۆر مناڵن یان زۆر پیرن بۆ ئەوەی پرۆلێتێر بن، ئەو کەسانەیش هەن کە کەمتر هەست بە پرسی چینەکەیان دەکەن لەبەر ئەوەی ئافرەتن، یان وا هەست دەکەن چەوساندنەوەی ڕەگەزەکەیان زیاتر جێی بایەخە هەتا چینەکەیان، وە ئیتر لەبری ئەوەی وەک پرۆلێتێرێکی ڕەشپێست، یان پرۆلێتێرێکی لاتینی، وە یان پرۆلێتێرێکی ئاسیاوی خۆیان ببینن، هەستی ڕەشپێستێک و لاتینیەک و ئاسیاویەک دایاندەگرێت. وە ئەوانەیشی بەسەر ئەم شێوە ڕەگەزپەرستیانەدا زاڵ دەبن کە نەفی کردنێکی ڕاستەوخۆی واقیعی پرۆلێتاریایە، ئەوانە هەمان نەفی کردن دەکەن، بەڵام لە فۆرمی ئایدیۆلۆژیا سیاسیەکاندا. ئەمەیش وەک هەستی “ئەنتی-ئیمپریالیست”، “ئەنتی نیو-لیبرالیزم”، “فەلەستین”، “جوولەکە”، “کوبی”، “چەپگەرایی”، “فەرەنسی”، “یانکی”، “ئەیمەرە”، “کورد”، “کرواسی”، “کرێکاری جیهانی یەکەم”، “فێمێنیست”، “ئەنتی ڕاسیست”، هتد.

گەشەی ئا ئەم کۆنسێپتە مەعریفیانە، وەک هێزەکانی سۆشیال-دیموکرات خۆیان دەناسێنن و دژی پرۆسێسی خۆپێکهێنانی پرۆلێتاریان وەک نەفی کردنی کەتەسترۆفەکانی ئەم جیهانە. ئا بەم جۆرە، تێڕوانینی ئەو چینە بەوە کەم دەکرێتەوە کە تێکەڵەیەکە لە پێناسەو کۆمەلگەی وەهمی کە لە کۆمەڵگای پارەدا دەژین.

لە هەمانکاتدا، سیاسەت هەر یەکێکە لەو ئایدیۆلۆژیا سەرەکیانەی دژی چینەکەمانە. وە پرسی گۆڕانکاریی کۆمەلایەتی دادەبەزێنیت بۆ دەستگرتن بەسەر دەوڵەتدا، ئیتر ئەمە بە ڕێگای هەڵبژاردن بێت یان بە ڕێگای زەبروزەنگ، ئەمەیش لە پێناوی زنجیرەیەک ئیجرائاتدا “کە دەخرێتە بەردەم کۆمەڵگای سەرمایەداریی” و “ئاڵترناتیڤێکی واقیعی و بە دەستوبرد” پێشکەش دەکات.

بەڵام خۆ دەولەت ئۆرگانێکی بێلایەن نیە کە بتوانرێت بەپێی ئیرادەی ئەم سەرکردەو ئەو حیزب بەکار بهێنرێت، بەڵکو ڕێکخراوێکە وەک هێزی ئەم کۆمەڵگایەی ئێستا، واتە سەرمایە، وە هەرکەس ئەو دەوڵەتە بگرێتەدەست، هەر سوور دەبێت لەسەر ئەوەی لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا ڕۆڵی خۆی بنوێنێت. وە زۆر دوور دەبن لەوەی دەوڵەت ئاراستە بکەن، بەڵکو ئەوان خۆیان لە دەوڵەتەوە ئاراستە دەکرێن. هەر لەبەر ئەوە، هیچ ئیجرائاتێکی سیاسی، فۆرمە جیاوازەکانی گەشەی سەرمایەو بناغەکانی ئەم کۆمەڵگایە ناخەنە ژێر پرسیارەوە، وە یان هیچ جۆرە ئاڵترناتیڤێکی واقیعی پێشکەش ناکەن. بڕواننە کوباو فەنزوێلا، وە یان پرۆسێسی سەربەخۆیی ئێستای کەتەلۆنیا.

………………..
سەرباری هەموو ئەم زەحمەتانە، سەرباری هەموو ئەم هێزو ئامرازانەی بەکاردەهێنرێن دژی خۆپێکهێنانی پرۆلێتاریا وەک هێزێکی شۆڕشگێر، ئینجایش هیچ پێشبینیەک، هیچ ڕێگایەکی دەرچوون نیە لە کەتەسترۆفەکانی کاپیتالیزم، شۆڕشی کۆمەڵایەتی نەبێت. وە هیچ گومانێکمان نیە لەوەی کەتەسترۆفەکانی کاپیتالیزم هەر بەردەوام دەبێت و زیاتریش ژیان لەسەر ئەم ئەستێرەیە دەکاتە مەحاڵ. وە گومانیشمان لەوە نیە کە خەباتی چینەکەمان، لێرەو لەوێ، هەر بەردەوام دەبێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی خۆیان. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، شتی سەرەکی ئەوە نیە تێبینی ئەم دەلیلانە بکرێت، بەڵکو ڕێکخستنی ئەم خەباتانەیە وەک یەک خەباتی ئینترناسیۆنالیستی، لە پێناوی خستنی کاپیتالیزمدا، ئەمەیش بە بەکارهێنانی ئەزموونە مێژووییە کەڵەکەبووەکان بۆ سەرکەوتن بەسەر سنوورداریمان و لاوازیەکانمان و ئینکاری هەر شتێک کە ڕێگری ئینترناسیۆنالیزم و چالاکیی ئینترناسیۆنالیستانەیە دژی سەرمایەو دەوڵەت. ئەمە تاکە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی بەرگری کردنە لە پێداویستیەکانی مرۆڤ دژی پێداویستیەکانی سەرمایە. ڕێفۆرم و هیواو خەونی ڕەتکردنەوەی شۆڕش، هیچ نین جگە لە هێزە پارێزەرەکانی ئەم جیهانە نەبێت. هیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نیە بۆ دەرچوون لەم چاڵە جگە لە لێدان و شکاندنی میکانیزمەکانی بەرگری کردن لە سەرمایەداری و ڕێگری کردن لە ڕێکخستنی خەباتی هاوبەشمان. ڕێکخستنی خۆیشمان پێکەوە – لە دەرەوەو دژی هەموو پێکهاتەکانی دەوڵەت – بۆ خەبات دژی ئەم سیستمە کوشندەیە، لە بەرگریدا لە پێداویستیەکانی مرۆڤ دژی پێداویستیەکانی سەرمایە، لە دڵنیاکردنەوەدا لە ئینسانیەت دژی بە شت کردنەکانی سەرمایە ……………….

دەبا خەباتی چینەکەمان، دژی کەتەسترۆفە گلۆباڵیەکانی سەرمایەداری، دژی هەموو کۆمەڵگای چینایەتی، ئینترناسیۆنالیستانە ڕێکبخەین!

پرۆلێتێرە ئینترناسیۆنالیستیەکان

Internationalist Proletarians
http://www.proletariosinternacionalistas.org
info@proletariosinternacionalistas.org

سەرچاوە : source
http://www.myinternetpages.com/internationalists.html

This entry was posted in [Bulletin], Other languages, کوردی. Bookmark the permalink.

Comments are closed.